سه‌شنبه، دی ۰۹، ۱۳۹۹

 




کومەلی زانیاری تازە لەکارەساتی دەروازەی کویە وتاوانی یەکیەتی نیشتمانی،

سپاس بو بەڕیز شوانە عەتائی کەبوخوی لەو کارەساتەدا برینداربوو،

ڕووداوە مێژوییەکان وەک خۆی بۆ نەوەی داهاتوو باس بکەین

دەمێکە بوو بەهیوا بووم چۆنیەتی ڕووداوی ١٧ی سەرماوەزی ١٣٧٦ی هەتاوی دەروازەی کۆیە و شەهیدبوونی پێنچ تێکۆشەری ڕێگەی ڕزگاریی گەل و نیشتمان بە ناوەکانی: مەنسوور فەتاحی، مەنسوور ناسری، یەدوڵڵا شیرین سوخەن، ڕەفعەت حوسێنی، ساما ل ئێسماعیلزادە باس بکەم کە ئەم ماوە بەهۆی هەندێ باسی سەر سۆشیالمیدیا ناچار بووم زووتر هەندێ ڕوونکردنەوەی پێویست لەم بارەوە بێنمەئاراوە.

لە ڕوژی ١٧ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی کاتێک هاوڕێیانی کۆمیتەی پاوە و بانە بڕیار دەدەن لە شاری سلێمانییەوە بەرەو بنکەی دەفتەری سیاسی لە شاری کۆیە بۆ بەشداریی لە پلۆنۆمی حزبی دیموکرات بڕۆن، لەو ڕۆژەدا ئێمە بە دوو ئوتۆمبێلی برازیلی بەرەو کۆیە کەوتێنەڕێ.

ئێمە بەیانی زۆر زوو خۆمان ئامادە کرد و ڕێکەوتین، لە تاسلووجەوە کە تێپەڕین کادیرێکی کۆمیتەی پاوە بەناوی "جەلال" کە شۆفێری یەکێک لە ئوتۆمبێلەکان بوو، بەمەودای چەندسەد مەترێک لە پێش ئوتۆمبێلەکەی ئێمەوە بوو کە لەناکاو بەبیانووی خراپبوونی ئوتۆمبێلەکەی لە جادە ڕاوەستا و ئێمەش ڕاوەستاین بزانین چ بووە.

زۆری پێ نەچوو ئوتۆمبێلێک لەو جادە خەڵوەتە بەیانییە زووە، بە بەردەمماندا تێپەڕی و ئێمە زۆر وشیارانە ئاگەداری خۆمان بووین و بەوردی نێزیکبوون و دوورکەوتنەوەی ئوتۆمبێلەکەمان سەیر کرد کە "جەلال" وتی ئوتۆمبێلەکەی کێشە تەکنیکییەکەی چارەسەر بووە و دەتوانین درێژە بە ڕێگەی خۆمان بدەین.

بۆ من ئێستەش جێی پرسیارە بۆ لەو کاتەدا جەلال بەبیانووی خراپبوونی ئوتۆمبێلەکەی لە جادە ڕاوەستا؟؟ لە کاتێکدا بۆ سەفەرێکی وەها گرنگ هەموو ئامادەکارییەکان و سرویسکردنی ئوتۆمبێلەکە پێشتر کرابوو. مەئموریەتێکی ئاسایی نەبوو ئێمە چەند ئەندامی سەرکردایەتیمان لەگەڵ بوو کە بەرەو پلۆنۆمی کۆنگرە دەڕۆشتین. بۆ هەر ئەو جارە وەستاین و زوو گرفتی تەکنیکی ئوتۆمبێلەکە چارەسەر بوو؟؟؟ لە هەمان ڕۆژدا هاوڕێیانی حزبی لە بازیانەوە واتە کۆمیتەی کرماشان و سنە و مەریوان و مەڵبەندی دوو، لە ڕێگەیەکی ترەوە بەرەو کۆیە ڕۆشتبوون و ئەوان بە سڵامەت گەیشتبوون و تووشی هیچ جۆرە کێشە و گرفتێک نەهاتبوون.

چارەسەربوونیی کێشەی ئوتۆمبێلی جەلال و دەستگرتن بەسەر ئوتۆمبێلی ئیتلاعات

پاش ئەوەی گەیشتینە نێزیک خەلەکان ئوتۆمبێلی جەلال کە لە پێش ئێمەوە بوو هەر کە تێپەڕی، ئوتۆمبێلەکەی ئیتلاعات _کە دوایی زانیمان " قودرەتی" و چەند جاشێکی ڕێژیم وەک عەبووسێزدە و حاسلەشێت_ لەو شوێنە بۆ لیدانی ئێمە لەبۆسەدا بوون. ئوتۆمبێلەکەی ئێمەیان لە هەموولایەکەوە وەبەر دەسڕێژی خۆیان دا. ئێمەش خۆمان لە ئوتۆمبێلەکە فڕێدایە دەرەوە و لەگەڵ ئەو تاقمە کە بەسەر دوو گرووپ دابەش بوون، گرووپی یەکەم دیاریکرابوون کە تەقە لە ئێمە بکەن، گرووپی دووهەمیش ئەرکی ئەوەیان پێ ئەسپێردرابوو ئەگەر ئێمە وەبەر دەسڕێژی گرووپی یەکەم کەوتین ئەوانیش بۆ دڵنیابوون، دوافیشەکمان پێوە بنێن.

هەر بۆیە لە دوای خۆفڕێدانمان لە ئوتۆمبێلەکە، ڕوڵەکانی دیمۆکرات بەوپەری ئازایەتی و فیداکارییەوە بەتایبەتی شەهیدان مەنسووری فەتاحی و سەید مەنسووری ناسری سەنگەرمان لە تیرۆریستان گرت و لە شەڕێکی دەستەویەخە و قارەمانانەدا بۆ ماوەی پتر لە نیو کاتژمێر پاشەکشەمان پێکردن و سەنگەرمان پێچۆڵ کردن و ئوتۆمبێلێکی پڕ لە بەڵگەمان پێ بەجێهێشتن و لەپاش پشکنینی سەنگەرەکانیان جانتایەکی پڕ لە بەڵگەش کە هی بەرپرسی عەمەلیاتەکە بەناوی " قودرەتی" بوو و پێیان دەرباز نەکرا، ئێمە دەستمان بەسەرداگرت و لەو شەڕەدا بەخۆشییەوە هەموو هاوڕێیان سلامەت دەرچوون و بەشوێن بەکرێگیراوانیش کەوتین بەڵام نەمانتوانی بیاندۆزینەوە. ئیتر ئێمە ماینەوە و  ئەو ئوتۆمبێلەی کە بەیانی زوو لە چاوەڕوانی چاکبوونەوەی ئوتۆمبێلەکەی جەلالدا دیتمان کە پڕ بوو لە بەڵگەی زۆر گرنگی ئیتلاعاتی ئێران و خانووە تیمییەکانی و هەروەها ئەو کاسێتانەی " قودرەتی" لەگەڵ سیخوڕەکانی کردبووی، تۆمار کرابوون. لەم ماوەیەدا ئوتۆمبێلەکەی جەلال ئاوڕی لێمان نەدایەوە و دیار نەبوو کە بەڕاستی ئێستەش بۆ من زۆر جێی پرسیارە کە چۆن ئاگەی لەم تەقە و هەرایە نەبوو؟؟ بۆ وا بە تەئخیرەوە هاتەسەرمان؟؟؟

پاش کۆتایی شەڕەکە هاوڕێیان بڕیاریان دا بەرەو کۆیە درێژەی ڕێگە بدەین و نێزیک بە بیست خولەکێ لە دوای شەڕەکە لە کاتێکدا خەریکی قسەکردن بووین لەناکاو، لە شوێنێکی نادیارەوە تەقەمان لێ کرا و من و شەهید مەنسوور فەتاحی بەتوندی بریندار بووین. فیشەکێک بەر پێی من و فیشەکێکیش، کەمەر بۆ سەرەوە شەهید مەنسوور-ی پێکا کە دۆخی تەندرووستییەکەی وایلێکرد بەزەحمەت قسەی بۆ دەهات و زیاتر هەر بەئاماژەی دەست ئێمەی تێدەگەیاند کە "هەرچی زووتر بەرەوە نەخۆشخانەی حیزب وەڕێکەوین".

لەو کاتە هەستیارەدا شەهید مەنسوور ناسری بانگی جەلالی کرد هەرچی زووتر ئێمە کە بریندار بووین بگەیەنێتە نەخۆشخانە. لە وەڵامدا جەلال بەبیانووی ئەوەی جادە نائەمنە و من ناوێرم دەیهەویست خۆی لەو ئەرکە کە ئێمە گیانمان لە مەترسیدا بوو، بدزێتەوە. ئیتر من هەرچەند بریندار بووم و ئێش و ئازارێکی زۆرم هەبوو بە تووڕەیی و هەڕەشە لە جەلال ناچارمان کرد هەر بەو ئوتۆمبێلەی ئیتلاعاتییەکان کە دەستمان بەسەردا گرتبوو و جانتا ڕەشەکەی تێدا بوو، ئێمە بگەیەنێتە نەخۆشخانەی حیزب لە کۆیە. لە درێژایی ڕێگەش جەلال پێداگری دەکرد پیادە بن و ئوتۆمبێلەکە دابنێین کە من دوو جار چەکم لێکێشا.

کاتیک ئێمە گەیشتینە نێزیک دەفتەری سیاسی ئەوەی جێی سەرسووڕمان بوو چاوەڕوانیی ئازاد-ی عەلیباڵە بوو. ناوبراو کادیرێکی حزب بوو کە توانیبووی زۆر زیرەکانە خۆی لە ڕێبەریی حزب و بەتایبەت شەخسی سکرتێری گشتیی ئەوکات نێزیک بکاتەوە. ناوبراو قەرار بوو ئەمنیەت و کاروباری کۆنگرەی یازدە بگرێتەدەست و ئەگەر بەهۆی ڕووداوی هەڤدەی سەرماوەز و دەستگرتنمان بەسەر ئوتۆمبێلی ئیتلاعاتییەکانەوە نەبوایە، بێگومان کارەساتەکە زۆر گەورەتر دەبوو. ئازاد کە بە داوود بانگیان دەکرد لەو رۆژەدا بەتەنیا لە سەر ڕێگە ڕاوەستابوو و چاوەڕوانی گەیشتنی ئێمەی دەکرد. کاتێک ئێمە گەیشتینە دەفتەری سیاسی، ناوبراو بەپەلە دەستی دایە جانتا ڕەشەکەی " قودرەتی" کە هەڵیگرێت بەڵام خوالێخۆشبوو کاک چەکۆ زۆر بەتوندی بەگژیدا چوو و نەیهێشت ئازاد دەست بۆ جانتا ڕەشەکەی "قودرەتی" بەرێت. هەر لەو کاتەشدا پەلێک پێشمەرگەی ئازایان ئامادە کرد بۆ یارمەتیدانی هاوڕێیانی دیکەمان. ئەو پەلە پێشمەرگەیە وەڕێکەوتن، کاتێک دەگەنە شەهید مەنسوور ناسری، بەڕێزیان لە دوای سپاس و پێزانێن داوا لە پێشمەرگەکان دەکا بگەڕێنەوە بۆ دەفتەری سیاسی تەنیا داوا دەکات شەهید "یەدوڵڵای شیرین سوخەن لەگەڵ ئێمە بمێنێتەوە". بۆیە پێشمەرگەکان پێش شەهید مەنسوور و هاوڕێیانی دیکە دەگەڕێنەوە دەفتەری سیاسی لە کۆیە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە دوای شەڕەکە "قودرەتی" و "عەبووسێزدە" و بەکرێگیراوەکانی دیکە خۆیان دەگەیەننە ئاسایشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری دووکان و داوای یارمەتی لە بەرپرسانی یەکێتی دەکەن بۆ وەدەست هێنانەوەی ئەو بەڵگانە و جانتا ڕەشەکە، کە لە شەڕەکەدا کەوتووەتە دەست پێشمەرگەکانی حیزبی دیمۆکرات. بەپێی ئەو زانیاریانەی کە کەوتوونەدەست، ئاسایشی دووکان پێوەندی بە بەرپرسانی سەرەوەی خۆیان دەکەن و داوای یارمەتیان لێ دەکەن و خەبەر بە جەلال تاڵەبانی دەدەن. ئەوێش دەستوور بە حاجی مەسیفی بەرپرسی پێشمەرگە و ئاسایشی دووکان و کۆیە دەکات کە دەست بەسەر ئوتۆمبێل و جانتاڕەشەکەی قودرەتیدا بگرن.

حاجی مەسیفی دەستبەکار دەبێت و ئەو پێشمەرگانەی سەیتەڕەی کۆیە دەگۆڕێ و کەسانی دیکە کە سەر بە ئاسایش و ئەمنیەتی خۆیان بوون لە دەروازەی کۆیە جێگیر دەکا و داوایان لێ دەکات ئوتۆمبێلەکەی ئیتلاعات لە پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات بستێننەوە.

کاتێک شەهید مەنسوور ناسری و پێشمەرگەکان دەگەنە سەیتەرەی دەروازەی کۆیە و بەدەستهەڵێنان سڵاو لە چەکدارەکانی یەکێتیی نیشتمانی دەکەن، جەماعەتی سەیتەرە وادەزانن ئەوە ئوتۆمبێلەکەی ئیتلاعاتی ئێرانە و هەڵگری بەڵگەکان و جانتا ڕەشەکەی "قودرەتی"یە، بۆیە لەناکاو لە هەموو لایەکەوە دەیاندەنەبەر دەسڕێژی فیشەک و لە ئاکامدا هەموو پێشمەرگەکانمان تیرۆر دەکەن.

"جەلال" کە ئێمە دەگەیەنێتە نەخۆشخانە و شەهید مەنسوور گیان لەدەست دەدا و منیشیان بۆ شوێنێکیتر گواستەوە، بەبێ ئەوەی چۆنیەتی کارەساتەکە ڕوون بێتەوە و بەرپرسان لێکۆڵینەوەیەکی ورد بکەن، ناوبراو لەلایەن کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی حزبەوە خەڵات دەکرێ و ڕێزی لێ دەگیرێ بەڵام پاش ئەوەی من زانیارییەکانم دایە کۆمیتەی ئەمنییەت و هەندێ پرسیارم ورووژاند، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە و دەرخستنی ڕاستییەکان پتر بۆ حزب ڕوونبۆوە؛ کۆمیتەی ئەمنیەتی حیزب لە جەلال بەگومان دەبن و دەستبەسەری دەکەن و ئیتر درێژە بەپێشمەرگایەتی نادات و ئێستاشی لەگەڵ بێت لە شاری هەڵەبجە بە ئازادیی دەسووڕێتەوە کە بۆ من زۆر جێی پرسیارە؟؟؟ چونکە دەسوخەتی کاک چەکۆم ئێستەش لا ماوە کە بە من دەڵێ ئاگەداری خۆت بە چونکە ئێران پیلانی تیرۆرکردنتی هەیە.

لە کۆتاییدا من وەک شوانە عەتایی داوا لە بەڕێز کاک ئەحمەد پادگانی دەکەم کە ئەوکات جێگری بەرپرسی ئەمنیەتی حیزب بووە و زۆر بەباشی ئاگاداری تەواوی ڕووداوەکەیە لەمبارەوە ئیتر کاتی هاتووە بێتە سەرخەت و ڕوونکردنەوە بدات و ڕای گشتیی لە نەوتراوەکان ئاگەدار بکات با بۆ دواڕۆژی شۆڕشەکەمان ببێتە تەجروبە.

سڵاو لە کوردستان، سڵاو لە پێشمەرگە

شوانە عەتایی،

٢-١٠-٢٠٢٠

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر