ئێستاش ئەو رستەیەی کاک مەنسوور ناسری لە گوێمدا دەزرنگێتەوە
کە گووتی.....
بەیانییەکی زوو بوو کاتژمێر لە نێوان
٦ تا حەوتی بەیانی. هەوا ساردی کردبوو و سەرماوەز باڵی بەسەر هەموو جێگەیەکی شاری سلێمانیدا
کێشابوو. پێشمەرگەکانی کۆمیتەی کرماشان لە مەقەڕی سلێمانی بووین
.
ئەو بەیانییە من بە تەنیا نگابان بووم.
شەهید مەنسوور ناسری هاتە دەرەوە و گووتی: بابە ئەوە تەنیا نگابانی دەدەی؟ گووتم: بەڵێ
کاکە تەنیام !
گووتی مەگەر بڕیار نییە دوو نەفەر
دوو نەفەر نگابانی بدەن؟ ئاخر بارودۆخی ئاسایشمان لە مەترسیدا بوو و هەربۆیە هەموو
پۆستەکانی نیگابانمان کرابوو بە دوو نەفەر دوو نەفەر .
منیش گووتم: لەبەر ئەوەی هەوا رۆشنتر
ئەبێتەوە ئەم کاتانە، کراوە بە یەک کەس!
کاک مەنسوور ناسری لە کاتێکدا کە جامانەیەکی
پێچابوو بە دەور ملیدا و سەرمای بووبوو و هەندێک ناساغ بوو، گووتی: با لە کۆیە بێمەوە
ئەو پۆستی بەیانیانەش ئەبێ ببێت بە دوو نەفەرە.
پاش ئەو قسانە چاوی لە دەوروبەری کیوسکی
نگابانییەکە کرد و هەندێک قونکە سیگاری لە زەوی هەلگرت و خڕی کردنەوە و ئەو ناوەی خاوێن
دەکردەوە و گووتی: ئای لەو کوڕانە چەند تەمەڵن! ئەو قونکە سیگارانە بۆ فڕێنادەنە ناو
سەتڵی زبڵەوە.
کاک سەید مەنسوور هەردەم لە بنکەی
سلێمانی، لەگەڵ پێشمەرگەکاندا دەوروبەری مەقەڕی خاوێن دەکردەوە و زۆر پێیخۆش بوو کە
خاوێنیی مەقەڕ و دەوروبەری بپارێزرێ.
ئەو بەیانییەی کە دوو بەرازیلی سپی
کە هەڵگری هاوڕێیان شەهید مەنسوور رەشە هەورامی و شەهید مەنسوور ناسری و هاوڕێیانی
دیکەی گیانبەختکردووی دەروازەی شاری کۆیە بوو، بەڕێکەوتن، من نگابان بووم و ئێستاش
ئەو رستەیەی کاک مەنسوور ناسری لە گوێمدا دەزرنگێتەوە کە گووتی: با بگەڕێمەوە پۆستی
نگابانیی دەمەوبەیانیش دەکەم بە دوو نەفەر!
بە داخەوە رۆیی و قەت نەگەڕایەوە و
پاش ئەو هەموو ساڵە ئێستا ئیدی تەنیا یادی ئەوانە کە لە لامان ماون و هەر ئەمێنن!
جاجی مەسیفی ئەڵێ: " سوئی تەفاهوم"
دروست بووە لە نێوان ئەو هاوڕێیانە و پێشمەرگەکانی یەکێتیی نیشتمانی لە دەروازەی شاری
کۆیە؟ ئاخر کام " سوئی تەفاهوم"؟
زوڵاڵ وەک ئاو رۆیشتن، بەڵام گوللەتان
لە سینگیان دا و شەڵاڵی خوێن کران!
کام " سوئێ تەفاهوم"؟ هەر
لاپەڕەیەکی مێژووی ئێمە لە رۆژهەڵات هەڵدەدەیتەوە، هەمووی " سوئی تەفاهومە"
لەگەڵ باشووری کوردستان! تەنانەت گرتنی ئەو حەوت کوڕە رۆژهەڵاتییەی ئەم دواییەش لە
شاری هەولێر!
من نازانم ئەم " سوئی تەفاهوم"انە
کەی تەواو دەبن ؟
لە فەیسبووکی مەنسوور عەزیزی
وەرگیراوە
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر